كتێبی جنۆكەكانی ژێر قەڵا

ئەم كتێبە لە ژانری ڕۆمانە و ژمارەی لاپەڕەكانی 312 لاپەڕەیە، پێش بڵاوكردنەوەی لە لایەن نووسەرەوە خراوەتە پێش چەند نووسەر و خوێنەرێكی جدیەوە، تاكو دڵنیانەبووەتەوە لەوەی كتێبەكە شایەنی بڵاوكردنەوەیە بڕیاری بڵاوكردنەوەی نەداوە

:بۆچوونی دكتۆر یوسف لە بارەی كتێبەكە

جوانترین و باشترین كتێب كە بە زمانی كوردی و لە پێناوی كوردا نووسرابێت

:بۆچوونی خوێنەر كازیوە

ئەم كتێبە باسی هەموومان دەكات، باسی بنیاتنانەوەی كۆمەڵگە دەكات، ئەگەر دەرهێنەری سینەمایی بوومایە باشترین زنجیرەم لێوە دروست دەكرد

بۆچوونی مامۆستا هۆشەنگ قادر

گۆڤەندی لاو موژدەی لە دایک بوونی قەڵەمێکی نوێی هەولێر.
ئەوەی لێرەدا گۆڤەند دەیەوێت‌ پێمان بڵێ….
بازاڕی هەولێر نیشتیمانی ڕاستەقینەی غەریبەکان.
کە ئەمەشیان ووتەیەکی گوماناویە.
وەک بڵێین پاریس و ژێر بورجی ئیڤڵ نیشتیمانی ڕاستەقینەی ئەوین‌ دارانە.
جنۆکەکانی ژێر قەڵا ڕۆمانێکە قسە لەسەر ناخی کێشەکانی تاک و کۆمەڵگا دەکات گێڕانەوەو سەرگوزشتەی پازدە کەس، پازدە کاراکتەر لە ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوا باکور تەنانەت لەناو خودی کوردستانی باشوریش کە لە‌شوێن و‌مەملەکەتی جیاوازەوە هاتوونەو قەدەر لە هەولێر لە بن قەڵا کۆیان دەکاتەوە.
هەمە جۆرێکیان تێدایە ئیسلامی عەوام گەرا خێلەکی ڕۆشەنبیر گەندەڵ..‌هەریەکەو بە حیکایەت و
سەربووردەی جیاوازەوە، چیرۆک گەلێک ئاماژە و دەلالەتە بۆ چیرۆکی زۆرێکمان، وەک بڵێین مشتێک‌ نمونەی خەرمانێکە.
چیرۆکەکان هەڵقوڵاوی ناو ناخن تا ئاستێکیش گریدراوی یەکترن، لە زەمەنی جیا لە فەزاو کەلتووری جیاوازەوە، بەڕوئیاو خەیاڵی جیاوازاوە بەدوای یەکتریدا ناویان هاتووە.
جوانترین ووتە ئەوەی لە حیکایەتی ئەبڕاهام لە‌ لاپەڕە ‌۱۹٨ دا دەڵێت:
هەر بەجدی کورد لەم دنیایە جێگەی نابێتەوە.
ڕستەیەکە دەشێت خوێندنەوەی جۆراو جۆری بۆ بکرێت.
بەڵێ کورد گەلێکی پەژموودەو بێسەرپەرشت نیشتیمانێکی پەرتەوازە یان نیشتیمانی بێسەروەر.
کە کەس حیسابی بۆ ناکات.
بەڵێ حیکایەتی پازدە کەس یەکەم چیرۆک بە خودی نوسەر خۆی بە کاراکتەری کەسی سیخوڕ دەسپێدەکات، دواتر بۆ چیرۆکی شەونمی شۆخ و شەنگ یاخی لە ماڵ لە دەوروبەر لە کۆمەڵگا لە ئاین لە داب و نەریەت کەلتوور لە هەموو شتێ.
دواتریش بۆچیرۆکی پیاوێکی ڕیشدارەی دنیادیتە.
دواتریش بۆ چیرۆکی ئەبراهام کەرکوکی و دواتریش حەمە عەشائیرو شیرن سنەیی و بیلە مقاول … هەموو ئەوانی تر تا کۆتایی کاراکتەرو چیرۆکی ئۆرۆ مادا… کە درێژەترینیانەو وە بنەڕەترینیشیانەو وە دواجار چیرۆک و خەمی هاوبەشی هەموانیشە.
کە هەر لە لاپەڕە ۲٤٥ وە دەسپێدەکات تا لاپەڕە ۲۷۷ کۆتایی دێت.
بە‌دیوێکی تر حیکایەتی ئۆرو ماد تان و پۆی گشت ڕۆمانەکەشە.
جنۆکەکانی ژێر قەڵا سەرجەمیان بڕیار دەدەن لەگەڵ ئۆرو ماد بمێننەوە لانی کەم بۆ کورد بۆ کورد بوون.
ئەوەی کۆیان‌ دەکاتەوە ڕاستگۆیە.
بەڵێ هەر بەجدی ئەوپرسیارەمان دێتە پێش ئایا بازاڕی هەولێر نیشتیمانی ڕاستەقینەی غەریبەکانە
ئایا ئەو نیشتیمانە لە ئێستاکێدا‌ شوێنێکی ئەمینە بۆ‌غەریبەکان بە تایبەتی بۆ کوردانی باکوور.
مخابن ئەوەی لێرەدا غیابە کاراکتەری‌ عەرەب و‌ تورکە، ئێستای بازاڕی نیشتیمانی هەولێر پڕ لە جنۆکەی تورک و عەرەب یەکێکی مەسیحی فلیپینی لانی کەم بۆ جوانتر کردن و پێکەوە ژیانی‌ وەک‌ دیفاکتۆی نێو هەولێر و قەڵا مێژوویەکەی کە کەس نازانێ هی چ‌ سەردەمێکە کێهە ئەندازیار بناغەی یەکەمین خانووی قەڵای دانا، کێهە وەستاو کێهە کرێکار بۆ یەکەمین جار بە‌ کام‌ بەرد کام‌ خانوو دەستیان بە کار کرد.
دەشێت ئەمەیان جوانترین چیرۆکی قەڵات بێت.
جنۆکەکانی ژێر‌ قەڵا،‌ لەڕاستیدا زیندانێکی شاراوەو وەهم و نهێنی ژێر قەڵا کە دواجار دەشێت ئەو شوێنە لە‌دەرەوەی زەمەن بێت یان هەر وەک نوسەر تەئکیدی لێدەکاتەوە دەشێت شوێنەکە ناو دورگیەکی بچوکی‌ داخراوی ناو زەریاو دەریاکان بێت.
هەر لە چیرۆکی ئۆرو ماد گەشتێکی خەیاڵی دەسپێدەکات بە رەو ئەمریکا و ئوسترالیاو تەنانەت سەر مانگ و مەریخ ناو گەردوون.
کەلەوێ ئاڵای کوردستان دادەنێن.
گەشتێکی خەیاڵی هاوشێوەی گەشتەکەی میرزا مەنگوڕ کە لەناو مەریخ ئەنجومەنێکی یاسایی دادەمەزرێنن، یاخوود هاوشێوەی گەشتە خەیاڵیە فکریە شیعریەکەی پێشەوا کاکەیی بۆ‌ ئەمریکاو ئاسیاو بۆئۆقیانوسەکان بۆ ناو هۆزو‌ تیرە ئەفریقیەکان تەنانە بۆ ناو‌مەریخ و کۆمەڵەی خۆرو دواجار بۆ ناو گەردوون.
دوای ئەوەی کاراکتەرەکانی زیندانیە وەهمیەکەی ژێر قەڵا بەژیان و چیرۆکی یەکتری ئاشنا دەبن، هەوڵی ڕزگر بوون دەدەن، بۆ ئەم مەبەستەش ناو زیندانی هەڵدەکەنن دوواتریش دیسان بۆ ناو خەیاڵدانی زیندانیەکی گەورەتری لە هی ژێر قەڵاکە.
لە بەردەوامی هەڵکوڵینی ژێر قەڵا لە کۆتاییەکەی ڕوناکی وتریفەی مانگ بەدیار دەکەوێت.
ئەم ڕۆمانە دەچێتە خانەی ڕۆمانە پۆست مۆدێرنەکانەوە،‌دەشێت زیاتری بکەیت، وە دەشێت کەمتریشی بکەیتەوە بێئەوەی هیچ لە‌ ماهیەتی کەم بێتەوە، سروشتی ڕۆمانەکە ئەوەیە کاتێک کاراکتەری یەکەم و دووەم دەخوێنینەوە بە‌زنجیرە یەکلەدوای یەک گرێدراوی یەکتر ئیتر خوێنەر پێش ڕووداوەکان دەکەوێت.
ئەمە نەک بۆ ئەم ڕۆمانە تەنانەت بۆ‌ ڕۆمانەکانی بەختیار عەلیش گونجاوە، جەمشید خان و نەفرەتی نێو بەهاران لە پۆڵێنی ڕۆمانە زنجیرە دارەکانن.
ژیانی پازدە کەس لەناو زیندانیەکی کۆمیدی کە ژن و پیاو تێکەڵن.
شیرن و شەونم‌‌ وەک‌ دوو‌ کچ لەناو کۆمەڵێک‌ پیاو، کە لە‌ڕووی تەقالیدو عورف و عادات و تەنانەت یاساوە
کارێکی نەگونجاو نالێوەشاوەیە.
دواجار داخۆ‌ دەبێت لێرەو لەوێ
چەندین چیرۆک‌ چەندین نهێنی تری هاوشێوەی جنۆکەکانی ژێر قەڵا هەر بە نهێنی ماونەتەوە.
ئەم ڕۆمانە بە‌قەبارە‌ مام ناوەند ۲۹٤ لاپەڕە بەرهەمی چاپخانەی کەلتوور ۲۰۲٤.
ئەم‌ ڕۆمانە لە ماوەی یانزە ساڵ نوسراوەتەوە، درێژترین ڕۆمانی کوردی تاکو تەواو بوونی لە ڕووی زەمەنەوە.
دەس خۆشی بۆ‌ کاک‌ گۆڤەند سابیر
کەبە زەوق و‌ سەلیقەو تەکنیکی نوێو زۆری لەکەرستەی ڕۆمانی تێدا بەکار هێناوە هیوادارم خوێنەری بن.

بەشێک لە کتێبەکە

کتێبەكە لەم شوێنانەی خوارەوە لە هەولێر بەردەستە

ـ کۆشکی سیروان تەنیشتی قەڵا

کتێبخانەی مەم و زین داونتاون-

کتێبخانەی ڕۆسا بازاڕی کتێبفرۆشان-

لە شاری سلێمانی لەم شوێنەی خوارەوە بەردەستە

کتێبخانەی ڕۆمان-

کتێبخانەی ڕەهەند-

لە شارۆچکەی هەریر لە کتێبخانەی هەریر بەردەستە

لە شاری سۆران لە کتێبخانەی ئەحمەدی خانی بەردەستە

بەشێوەی ئۆنلاین لە دەزگای کەلتور دەتوانرێت داوابکرێت

لینكی دەزگای كەلتوور لە فەیسبووك و ئینستاگرام

https://www.facebook.com/kultur_book

https://www.instagram.com/kultur_book

لە ئایندەیەکی نزیکدا لە تەواوی کوردستان بەردەست دەبێت